2022-06-25 21:17:55
ڕێگە نادەم ئاگری هیچ پیلانێک،
لەم وڵاتە شەلەمکەرەیش بسووتێنێت.
بە قووڕگی گڕی ئەو ئاگرەدا،
دەچم قژی نیشتمان هەڵپڕووزێنێت.
لەم دونیا کەڵکاوەژوو خوازەدا لە ناو ئەو هەموو مڕۆڤە بێ هەستەدا، مڕۆڤی خاوەن هزر و بیر لە ژیانی خۆیدا بۆ دەسکەوت گەلێکی واتا و مانادار ماندوو دەبێت و حەسانەوە و دڵخۆشی لە گەیشتن بەو دەسکەوتانەدا هێما دەکات. هەناسەکانی ژیانی تێکەڵ بە کەندولەندەکانی ڕێبازی گەیشتن بە ئامانجەکانی دەکات. بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی سڵ ناکات و تەنانەت گیانی خۆیشی پێشکەش دەکات.
نەمران: مۆختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی نموونەی ئەوجۆرە کەسایەتییە بوون و بۆ پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەیان گیانی پڕ لە هەست و سۆزی خۆیان پێشکەش دارستان و لێرەوار و شاخ و شاری نیشتمان کرد.
ئێسە بە ناو بردنیان هەموو چرۆی دارەکان و وریشەی ئاوی کانیاوەکان و ئاوازی ئاژەڵەکان لە شەوانی ژێر تریفەی مانگەشەو هاواری کەسم ڕۆیان بۆ دە چریوێنن.
هاوڕێیانی بوێر و ئازا، بەڵێن دەدەین بۆ پاراستنی بست بە بستی ژینگە و وڵاتمان، تا ماوین ڕێبواری ڕێگاتان بین.
یادتان هەرمانی دڵ و ڕێگەمانە.
. ژینگە دۆستان، بنەماڵەی خاوەن شانازی شەهیدان، ئەنجومەنی ژیوای،
دیسانەوە لە ساڵیادی هەتاهەتایی بوونی هاوڕێیانماندا بەڵێن نوێ دەکەینەوە، تاماوین ڕێبواری ڕێگەیان بین و بەشداری پەژارەی لە دەست دانیان بین.
هەر بەو بۆنەوە ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز ڕۆژی هەینی 2722/04/03 لە چالاکییەکی شاخەوانیدا بە ئازاد کردنی دوو پەلەوەری تیمارکراو (هەڵۆیەک کە ماوەی چوار مانگ و واشەیەک کە ماوەی یەک مانگ لە ژێر چاوەدێریدا بوون) ئەمەگناسی خۆمان بۆ ڕێبازی ئەو سێ شەهیدە خۆشەویستە لە دارستانەکانی پای گردەکۆ، ئاراستەی ژینگەی نیشتمان کرد.
ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز
358 views18:17